بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە؛ لە فڕۆکەخانەی زایدی نێودەوڵەتی کەسێک کوژرا و حەوت کەس بریندار بوون
بەرپرسانی ئیمارات رۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، رایانگەیاند، بەهۆی هێرشێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی زاید لە ئەبوزەبی، کەسێک گیانی لەدەستداوە و حەوت کەسی تریش بریندار بوون، ئەمەش دوای ئەو هێرشانەی ئێران کە وڵاتانی ئیمارات و کەنداوی کردە ئامانج.
دامەزراوەی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی ئەبوزەبی لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاوی کردووەتەوە، پشتڕاستی کردەوە کە ئەو کەسەی لەو رووداوەدا گیانی لەدەستداوە هاووڵاتییەکی وڵاتانی ئاسیایە.
ئەم زیانە مرۆییانە لە کاتێکدایە کە ئێران وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە سەدان موشەک و درۆن چەندین شوێنی لە وڵاتانی کەنداو کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە زیان بە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی و ئەبوزەبی گەیشتووە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند کە هێزەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی توانیویانە زۆربەی ئەو 137 مووشەک و 209 درۆنە تێک بشکێنن کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی خاکی ئیمارات کرابوون.