میدیای فەرمی ئێران کوژرانی عەلی خامنەیی پشتڕاست کردەوە

میدیای فەرمی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، بە فەرمی هەواڵی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.

هاوکات ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی لە زانیارییەکی بەپەلەدا ئاشکرای کرد، کە خامنەیی لەناو نووسینگەکەی خۆیدا لە تاران کوژراوە.

هەروەها حکوومەتی ئێران ماوەی 40 رۆژ ماتەمینی گشتی لە سەرتاسەری وڵات راگەیاند. هاوکات بڕیاردرا بە ڕاگەیاندنی 7 رۆژ پشووی فەرمی و سەرتاسەری لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا.

میدیای فەرمی ئێران لە پەیامێکدا هۆشداری دا و رایگەیاند: کوژرانی خامنەیی بێ وەڵام نابێت و تۆڵەیەکی سەخت چاوەڕوانی ئەنجامدەرانی دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە، کە ئەم رووداوە نابێتە هۆی پاشەکشە، بەڵکوو دەستپێکی راپەڕینێکی گەورە و مێژوویی دەبێت لە ناوچەکەدا.

لەسەر ئاستی هەرێمیش، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، وەک هاوخەمییەک بۆ ئەم رووداوە، 3 رۆژ ماتەمینی گشتی لە عێراق راگەیاند.

سوپای پاسدارانیش لەو بارەوە ئاماژەی داوە، تۆڵە لە بکوژانی خامنەیی دەکەینەوە و بە پێداگرییەوە کاروانی خامنەیی تەواو دەکەین

 

تووڕەیی داستان ئاسا

شەممە، 28ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان لە ناوخۆی ئێران کردووە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، ئامانجی سەرەکی لە هێرشە ئاسمانییەکانیان، بەرگریکردنە لە گەلی ئەمریکا لە رێگەی لەناوبردنی ئەو هەڕەشە نزیکانەی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە دەکرێن.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا توانا مووشەکییەکانی ئێران بەتەواوی لەناو دەبات و رێگرییان لێ دەکات هیچ مووشەکێکی نوێ دروست بکەن. دووپاتیشی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە 28ی شوباتدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی "Epic Fury - تووڕەیی داستان ئاسا" بۆ سەر پێگەکانی رژێمی ئێران دەستیپێکردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، هێرشەکان کاتژمێر 9:15ی بەیانی بە کاتی رۆژهەڵات دەستیان پێکردووە. ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکە هەڵوەشاندنەوەی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران و لەناوبردنی ئەو شوێنانە بووە کە مەترسیی دەستبەجێیان دروست کردووە. ئامانجەکان بریتی بوون لە بنکەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی، پێگەکانی هاوێشتنی مووشەک و درۆن، و فڕۆکەخانە سەربازییەکان.

 

500 ئامانجی ستراتیژی بۆردوومان کران

بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمیی سوپای ئیسرائیل، لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی شەممە 28ی شوباتی 2026، بە سەرپەرشتیی دەزگای هەواڵگریی سەربازی و هێزی ئاسمانی،  گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییە لە مێژوودا، بۆ سەر ئێران دەست پێکرد،  کە لە یەک کاتدا و بە بەشداریی 200 فڕۆکەی جەنگی، گورزیان لە 500 ئامانجی ستراتیژی لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران وەشاندووە.

 

لە کاردانەوەیەکی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەو وڵاتە هێرشی مووشەکیی بۆ سەر چەند وڵاتێکی ناوچەکە، لەوانە  سعوودییە، قەتەر، کوێت و ئوردن دەست پێکرد، ئەوانیش راگەیەنراویان بڵاوکردەوە و هێرشەکانی ئێرانیان بە پێشێلکارییەکی زەق بۆ سەر سەروەریی خاکیان و هەڕەشەی جدی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە ناوبرد.

 

دادپەروەری بۆ گەلی ئێران

یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی فەرمیدا کە لە هەژماری خۆی لە "Truth Social" بڵاوی کردەوە، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند و وەک دادپەروەری بۆ گەلی ئێران و ئەمریکییەکان وەسفی کرد.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا خامنەیی بە "یەکێک لە شەڕەنگێزترین کەسەکانی مێژوو" ناوبرد و گوتی: "خامنەیی نەیتوانی لە دەست سیستەمە هەواڵگرییە پێشکەوتووەکانی ئێمە و ئیسرائیل رزگاری بێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە جگە لە خامنەیی، چەندین سەرکردەی تری ئێرانی لەگەڵ ئەودا کوژراون و هیچ شتێکیان لەدەست نەهاتووە بەرانبەر هێرشەکان ئەنجامی بدەن.

 

پڕۆفایلی عەلی خامنەیی

عەلی خامنەیی، دووەمین رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی 1989ەوە و دوای کۆچی دوایی روحوڵلا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، جڵەوی دەسەڵاتی باڵای لە ئێران گرتە دەست و بۆ ماوەی نزیکەی چوار دەیە وەک بڕیاردەری یەکەمی وڵاتەکە مایەوە.

خامنەیی لە ساڵی 1939 لە شاری مەشهەد لەدایکبووە، خوێندنی ئایینی لە حەوزە زانستییەکانی مەشهەد، نەجەف و قوم تەواو کردووە. ژیانی سیاسی ئەو لە ساڵانی چلەکانەوە و بە لایەنگریکردنی "نەوابی سەفەوی" دەستی پێکرد، بەڵام وێستگەی هەرە گرنگی ژیانی، ناسینی روحوڵلا خومەینی بوو لە ساڵی 1957، کە دواتر لە ساڵی 1962ەوە بووە یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی بزووتنەوەی خومەینی دژی رژێمی پاشایەتی. لەو ماوەیەدا و تا سەرکەوتنی شۆڕش لە ساڵی 1979، چەندین جار لەلایەن رژێمی شاوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.

دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی، خامنەیی وەک ئەندامی ئەنجوومەنی شۆڕش دەستبەکار بوو و لە ساڵانی 1979 تا 1981 پۆستی جێگری وەزیری بەرگری و ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکەی بەڕێوە برد. لە ساڵی 1981 وەک سێیەمین سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا، هەر لەو ساڵەدا لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو، بەڵام بەهۆیەوە دەستی ڕاستی لەدەست دا. ئەو تا کۆچی دوایی خومەینی لە ساڵی 1989 لە پۆستی سەرۆککۆماریدا مایەوە.

دوای دەستبەکاربوونی وەک رێبەری باڵا، خامنەیی دەسەڵاتەکانی خۆی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و داڕێژەری سیاسەتە گشتییەکان بەکارهێنا بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەی "هەناردەکردنی شۆڕش". لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ئەودا، ئێران تۆڕێکی فراوان لە هێزە وەکالەتەکانی لە وڵاتانی لوبنان، سووریا، عێراق و یەمەن دروست کرد، هاوکات بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی وڵاتەکەی بە ئاستێکی پێشکەوتوو گەیاند.

سەرباری فشارە نێودەوڵەتییەکان و واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2015، خامنەیی سوور بوو لەسەر بەردەوامیدان بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی، ئەمەش بارگرژییەکانی لەگەڵ واشنتن گەیاندە لووتکە.

دواجار و لە 28ی شوباتی 2026، دوای دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە عەلی خامنەیی لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا کوژراوە، بەمەش کۆتایی بە سەردەمێکی درێژخایەنی فەرمانڕەوایی ئەو پیاوە هات کە نەخشەسازی سەرەکیی سیاسەتەکانی ئێران بوو لە ناوچەکەدا.