ئاژانسی فارس کوژرانی کچ و نەوە و زاوایەکی خامنەیی لە هێرشەکاندا پشتڕاست کردەوە
یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی، بە فەرمی کوژرانی سێ ئەندامی نزیکی خێزانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران پشتڕاست کردەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، کچێکی خامنەیی و نەوەیەکی و زاوایەکی لەو بۆردوومانانەدا گیانیان لەدەستداوە کە ناوچە هەستیارەکانی نیشتەجێبوونی بەرپرسانی باڵای ئێرانیان کردبووە ئامانج.
ئەم هەواڵەی ئاژانسی فارس لە کاتێکدایە کە گومان و دەنگۆی زۆر لەسەر چارەنووسی خودی عەلی خامنەیی هەیە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ رایانگەیاندبوو کە رێبەری باڵای ئێران لە هێرشەکاندا کوژراوە.
شەممە، 28ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان لە ناوخۆی ئێران کردووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، ئامانجی سەرەکی لە هێرشە ئاسمانییەکانیان، بەرگریکردنە لە گەلی ئەمریکا لە رێگەی لەناوبردنی ئەو هەڕەشە نزیکانەی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە دەکرێن.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا توانا مووشەکییەکانی ئێران بەتەواوی لەناو دەبات و رێگرییان لێ دەکات هیچ مووشەکێکی نوێ دروست بکەن. دووپاتیشی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
هەروەها دوای هیڕشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران ئۆپەراسیۆنێکی بۆ هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و وڵاتانی کەنداو دەست پێکردووە