ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر سیستەمی مووشەکی و بەرگری ئاسمانی ئێران دەستپێکرد

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026، شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر خاکی ئێران دەستپێکردووە، کە ئامانج لێی بنکە مووشەکییە بالیستییەکان و سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتەیە.

لە راگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە شەپۆلێکی تری هێرشەکان بۆ سەر سەکۆکانی هاویشتنی مووشەکی بالیستی و سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی سەر بە ئێران.

دوای راگەیاندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە لە دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە تاران بیستراوە.

ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندایە کە تێیدا ئیسرائیل هەوڵ دەدات توانا سەربازی و بەرگرییەکانی تاران بە تەواوی پەکبخات، دوای ئەوەی لە چەند کاتژمێری رابردوودا گورزی توندی لە ژێرخانە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دابوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئێرانی شەپۆلێکی دیکەی هێرشی مووشەکی و درۆنی کردە سەر تەلئەڤیڤ؛ کە سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، توانیان بەرپەرچی هەموویان بدەنەوە.