سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران: بەردەوامدەبین لەسەر رێبازی رێبەرەکەمان

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لە پەیامێکی فەرمیدا سەرەخۆشی خۆی بۆ کوژرانی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی راگەیاند و جەختی لەسەر بەردەوامبوونی رێبازی ناوبراو کردەوە.

لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری رایگەیاند: "بە دڵێکی خەمبار و چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە، کوژرانی پێشەوای ئوممەت، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، لە حەزرەتی بەقییەتوڵڵا، گەلی ئێران، تەواوی موسڵمانان و ئازادیخوازانی جیهان سەرەخۆشی دەکەم."

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئاماژەی بەوەش کرد، کوژرانی رێبەرە "دانا، حەکیم، ئازا و خاوەن دیدگاکەیان" کەلێنێکی گەورە و خەمێکی قووڵە، جەختی کردەوە: "بەردەوامبوونی رێبازە رووناکەکەی ئیمام پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. ئێستا لە ناوەراستی جەنگداین لەگەڵ خراپترین دوژمن و دەبێت بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە کۆتایی بە کفر و ستەمکاری سەردەم بهێنین."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، هۆشداریی توندی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل و گوتی: "ئەمریکا و ئیسرائیل زەلیل و ترسنۆک با بزانن کە گەلی گەورەی ئێران هەرگیز لە خوێنی رێبەرە پاڵەوانەکەی خۆی خۆش نابێت؛ هەروەک چۆن لە تاوانەکانی شای گۆڕبەگۆڕ و سەدامی دەستدرێژکار کە کرێگرتە و سووکی ئیستکبار بوون، خۆش نەبوو."

راشیگەیاند: "ئەمڕۆ ئەمریکا باوەڕپێنەکراوترین و رق لێبووەوەترین رژێمە لە جیهاندا. سیستەمی ئیستکبار با بزانێت بەم جۆرە تاوانانە هەرگیز ناتوانێت درز بخاتە ناو ئیرادەی جێگیری موجاهیدە گەورەکان کە لە باوەشی گەلانی موسڵماندا پەروەردە بوون."