قالیباف: ئێران شکست ناخوات
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆیی بە بۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی رایگەیاند، "هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە رۆژێک دێت کە رووبەڕووی دۆخێکی تاڵتر ببمەوە لە ڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی. خۆزگە دەرفەتێکم هەبوایە کەمێک باسی قووڵییەکەی بکەم"
دەشڵێت: "ئیمامی شەهیدی شۆڕش، کە دووەم مامۆستای سەدەی نوێ بوو لە دوای ئیمامی گەورەی شۆڕش، بۆ من کە نزیکەی 50 ساڵە لە نزیکەوە لەم کەسایەتییە سیاسییە دیارە تێگەیشتم، بە خەیاڵمدا نەهاتووە ئەو رۆژانە بژیم کە ئەو لە تەنیشتمان نەبێت".
محەممەد باقر قالیباف گوتیشی: بەهەموو بەکرێگیراوانی ئەوان دەڵێم ئێوە هێڵی سووری ئێمەتان بەزاند و دەبێت باجی ئەم تاوانە بدەن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە بۆ ئێمە تەنیا شەڕێک نییە بەڵکو کاتی تۆڵەکردنەوەیە، هەروەها بە پشتیوانی دەیان ملیۆن لە خەڵکی بەوەفای ئێران لێدانێکتان لێدەدەین کە پەشیمانتان بکەینەوە، دەشڵێت، دەبینین کە ئێوە خەیاڵەکانتان چەند رۆژێک زیاتر ناخایەنێت.
راشیگەیاند، من بەو ئێرانییانە دەڵێم کە بەهۆی کارەکانی بەرپرسانمان گلەیی لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی هەیە، دەزانم ئێوە گلەییتان هەیە بەڵام دەبێت ئاگادار بین لەلایەن دوژمنانەوە هەڵنەخەڵەتێنرێین. ئەگەر ئێوە ئێمەتان قبوڵ نییە بەڵام ئێرانتان خۆش دەوێت.
باسی لەوەشکرد، هیچ دوودڵ مەبن کە ئەم شۆڕشە بە پشتیوانییەکانی ئێوە دەپارێزرێت و درێژەی پێدەدەین و یەکپارچەیی و سەربەخۆیی ئێران دەپارێزین.
شەممە، 28ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان لە ناوخۆی ئێران کردووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، ئامانجی سەرەکی لە هێرشە ئاسمانییەکانیان، بەرگریکردنە لە گەلی ئەمریکا لە رێگەی لەناوبردنی ئەو هەڕەشە نزیکانەی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە دەکرێن.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا توانا مووشەکییەکانی ئێران بەتەواوی لەناو دەبات و رێگرییان لێ دەکات هیچ مووشەکێکی نوێ دروست بکەن. دووپاتیشی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
میدیای فەرمی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، بە فەرمی هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.
هاوکات ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی لە زانیارییەکی بەپەلەدا ئاشکرای کرد، کە خامنەیی لەناو نووسینگەکەی خۆیدا لە تاران کوژراوە.
هەروەها حکوومەتی ئێران ماوەی 40 رۆژ ماتەمینی گشتی لە سەرتاسەری وڵات راگەیاند. هاوکات بڕیاردرا بە ڕاگەیاندنی 7 رۆژ پشووی فەرمی و سەرتاسەری لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا.
میدیای فەرمی ئێران لە پەیامێکدا هۆشداری دا و رایگەیاند: کوژرانی خامنەیی بێ وەڵام نابێت و تۆڵەیەکی سەخت چاوەڕوانی ئەنجامدەرانی دەکات.