خۆپیشاندانی لایەنگرانی بەرەی موقاوەمە لە بەغدا بەردەوامە

دوای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە چەند شارێکی عێراق خۆپیشاندانی لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکان دەستی پێکرد و لە بەغداش هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکیان بەکارهێنا.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند؛ لە شەوی رابردووەوە لایەنگرانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی، بەتایبەت کەتایبی سەیدولشهەدا، حزبوڵڵای عێراقی، نوجەبا و گرووپەکانی دیکە، رێککەوتبوون لەسەر خۆپیشاندان. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا خۆپیشاندەران لە هەوڵی چوونە نێو ناوچەی سەوز و گەیشتن بە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکادان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، دۆخی ئەمنیی بەغدا "زۆر خراپە" و هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگری لە پێشڕەوی خۆپیشاندەران، گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە. لە ئەنجامی ئەو گرژییانەدا، خۆپیشاندەرێک بریندار بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە برینەکەی بەهۆی فیشەکەوە بووە یاخود گازی فرمێسکڕێژ. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە بەرەبایەنی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی قەرەباڵغییەکە، تەقەیان کردووە.

جگە لە بەغدا، شاری ناسرییە و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراقیش شایەدی بەرزکردنەوەی ئاڵای گرووپە چەکدارەکان و دەسپێکردنی ناڕەزایەتی بوون.

ئەم ئاڵۆزییانەی عێراق دوای ئەوە دێن، کە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (1ـی ئاداری 2026)، بە فەرمی هەواڵی کوژرانی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیەندرا. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ناوبراو لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە.