میدیاکانی ئێران کوژرانی وەزیری بەرگریی و سەرۆکی ئەرکانی سوپا و چەند فەرماندەیەکی باڵای راگەیاند
ئاژانسی هەواڵی ئیلنا و تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ژمارەیەک لە فەرماندە و لێپرسراوە باڵاکانی هێزە چەکدارەکان کوژران.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیلنا هێرشەکە لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەرگریدا بووە و تێیدا هەریەکە لە ئەمیر سەرلەشکر عەزیز نەسیرزادە وەزیری بەرگریی و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان و ئەمیر سەپهبد سەید عەبدولڕەحیم موسەوی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە.
لە لایەکی دیکەوە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە هەواڵێکی بەپەلەدا کوژرانی عەبدولڕەحیم موسەوی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی پشتڕاستکردەوە. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کە کراوەتە ئامانج، سەردار سەپهبد محەممەد پاکپور فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و ئەمیر دەریاسالار عەلی شەمخانی راوێژکاری رێبەری باڵای شۆڕش و سکرتێری ئەنجوومەنی بەرگریی ئامادەبوون و ئەوانیش لە ریزبەندی ئەو فەرماندە باڵایانەدا بوون کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا کوژراون.
کوژرانی ئەم سەرکردە سەربازییانە لە کاتێکدایە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئاستی گرژییەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا گەیشتووەتە لووتکە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئیسرائیل و ئەمریکا بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر خاکی ئێران و چەندین شاری ئەم وڵاتەیان بۆردومان کرد. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددی ئاشکرا نەکراوە.