سەردار ئەحمەد وەحیدی کرایە فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران
دوای کوژرانی محەممەد پاکپوور فەرماندەی گشتی پێشووی سوپای پازداران، ئەحمەد وەحیدی وەک فەرماندەی نوێی گشتی سوپای پاسداران دەستنیشانکرا و ئەرکی کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی وڵاتەکەی پێسپێردرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026، ئەحمەد وەحیدی وەک فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران دەستبەکاربوو. ئەم بڕیارە دوای تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ناوخۆی ئێران و کوژرانی رێبەری باڵای ئەو وڵاتە سەرکردە سەربازییەکانی دێت.
سەردار ئەحمەد وەحیدی کێیە؟
ئەحمەد وەحیدی لە ساڵی 1958 لە شاری شیراز لەدایکبووە. لە تەمەنی گەنجییەوە و لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979، پەیوەندی بە ریزەکانی سوپای پاسدارانەوە کردووە و بەهۆی لێهاتوویی لە داڕشتنی ستراتیژیی سەربازی، بە خێرایی پلەکانی بڕیوە.
وەحیدی بە "دامەزرێنەر و یەکەم فەرماندەی فەیلەقی قودس"ی سوپای پاسداران دادەنرێت (1988 - 1998). ئەو بناخەی ئەو هێزەی دانا کە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی ئێران. دواتر لە چەندین پۆستی باڵای دیکەی وەک جێگری وەزیری بەرگریی و سەرۆکی زانکۆی باڵای بەرگرییی نیشتمانی خزمەتی کردووە.
ناوی ئەحمەد وەحیدی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی بەرفراوان دەنگدانەوەی هەبووە، بەتایبەت کە لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)ەوە بە تۆمەتی تێوەگلان لە تەقینەوەکانی ناوەندی "ئامیا" لە بوێنس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین لە ساڵی 1994، ناوی لە لیستی داواکراواندایە. هەروەها لەلایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە لە لیستی سزادراواندایە.
وەحیدی وەک ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکێک لە راوێژکارە نزیکەکانی رێبەری باڵا دەبینرێت. ئەو بە پیاوی "ئەرکە سەختەکان" و پارێزەرێکی سەرسەختی بیرۆکەی "مقاوەمە" لە ناوچەکەدا دەناسرێت.