ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەسەر دۆخی ئێران کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، سبەی دووشەممە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پشتڕاستی کردووەتەوە "کۆبوونەوەکە لەسەر داواکاریی رووسیا بووە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەر ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە مافی ئەوەی هەیە داوای کۆبوونەوەی بەپەلە بکات."

ئەم کۆبوونەوەیە پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی چارەگی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئەنجوومەنەکە دێت کە بڕیار بوو لە بەرنامەی کاری خۆیدا باس لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بکات.

دیپلۆماتکاران ئاماژەیان بەوە کردووە "هیچ ئاماژەیەک نییە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەم هێرشانەی ئیسرائیل و ئەمریکادا کرابنە ئامانج."

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، تەلەفزیۆنی ئێران رایگەیاند، سێ لە بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتە لەوان عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگری، عەبدولڕەحیم موسەوی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاسداران و محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، کوژران.

هەر ئەمڕۆ کوژرانی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەلایەن تەلەڤزیۆنی فەرمی وڵاتەکە پشتڕاستکراویەوە، هەروەها سوپای پاسدارانیش هەڕەشەیان کرد و بەڵێنیان دا تۆڵەی رێبەرەکەیان بکەنەوە.

رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆسەر ئێران دەستپێکرد و دەیان بەرپرس و سەرکردەی باڵای سەربازیی وڵاتەکەیان کوشت.