وەزیری نەوتی عێراق: کێشەی کەمیی بەنزین چارەسەر دەکرێت
"بڕێکی نوێ هاوردە دەکرێت"
وەزیری نەوتی عێراق لە میانی سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەی شانەی قەیرانەکاندا دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە کەمیی بەنزین گرفتێکی کاتییە و چارەسەر دەکرێت، هاوکات ئاشکرای کرد کە بڕێکی زۆر لە بەنزینی هاوردەکراو لە ماوەیەکی نزیکدا دەگاتە وڵات.
هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بریکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کەرتی نەوت، بەدواداچوونی بۆ دۆخی دابینکردنی سووتەمەنی و سەقامگیریی بازاڕی ناوخۆ کرد و رایگەیاند، تەواوی کەرەستە و پێداویستییە نەوتییەکان بەردەستن و تیمەکانی وەزارەت بە شێوەیەکی بەردەوام و 24 کاتژمێری لە کاردان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان.
باسم محەممەد عەبادی ئاماژەی بەوە کرد، تێکڕای بەکارهێنانی رۆژانەی بەنزین لە عێراق 33 ملیۆن لیترە، بەڵام لە کاتی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان دەگاتە 38 ملیۆن لیتر، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بە گەیشتنی باری نوێی بەنزین لە چەند رۆژی داهاتوودا کێشەکە بە تەواوی چارەسەر دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، وەزیری نەوتی عێراق سەرنجی خستە سەر هەنگاوەکانی حکوومەت لە ماوەی 100 رۆژی دەستبەکاربوونیدا و باسی لەوە کرد کە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە وڵاتدا سێ ملیۆن بەرمیلی لە رۆژێکدا تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا هەناردەکردنی نەوت لە دەستپێکی حکومەتدا نزیکەی 250 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.
هاوکات عەبادی دڵنیایی دایە کارمەندانی کەرتی پاڵاوتن و دابەشکردن کە مۆدێلی نوێی ئابووریی وەزارەت کاریگەری لەسەر شایستە دارایییەکانیان نابێت و مافەکانیان وەک "هێڵی سوور" دەمێنێتەوە.