بەهۆی هێرشەکانی ئێران نۆ کەس لە ئیمارات کوژران و برینداربوون

بەرپرسانی ئیمارات رایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر شارەکانی دوبەی و ئەبوزەبی، کەسێک کوژرا و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، نووسینگەی راگەیاندنی حکوومەتی دوبەی لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاویکردەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی خستە خوارەوە و پارچەکانی کەوتنە حەوشەی دووخانوو لە شاری دوبەی، بەهۆیەوە دوو کەس برینداربوون. ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستییە پزیشیکییە سەرەتاییەکانیان  بۆ ئەنجامدرا.

هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیمارات رایانگەیاند، لە کۆی 209 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی 195یان خراونەتە خوارەوە زیانیشی لێکەوتەوە.

فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی بڵاویکردەوە، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی زەید بووە هۆی کوژرانی کەسێکی بەڕەگەز ئاسیایی و برینداربوونی حەوت کەسی دیکە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر سەبارەت بە زیانەکانی فڕۆکەخانەکە ئاشکرا بکەن.