بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر بەڕێوەچوو

بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و رێکخستنەوەی رێکارە ئەمنییەکان، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر کۆبووەوە و جەخت لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و قەیرانێک کرایەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 1-3-2026، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی گشتی و بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان لە دیوانی پارێزگا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، كە هەریەك لە جێگری پارێزگار، قائیمقامی ناوەندیی، سەرۆكی شارەوانی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی، بەڕێوەبەرانی پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، بەرگری شارستانی، سەرۆكی لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی و نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی و ئاسایشی بازگەكان و بەڕێوەبەرانی كاروباری ناوخۆ و قەیرانەكانی پارێزگا و چاودێری بازرگانی ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر، وێرای دەستخۆشى لە سەرجەم هێزە ئەمنیەکان، لە بەرامبەر هاوکارى و هەماهەنگیان لەگەڵ یەکتر لە پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەولێرى پایتەخت و سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتییان و بەرقەرارکردنى یاسا و نەهێڵانى دیاردە ناشارستانى و دزێوەکان و ئەو کارانەى کە لە ماوەى رابردوودا ئەنجامیان داوە و ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی سەرجەم هێزەکانی كرد.

ئومێد خۆشناو جەختی لە پەرەپێدانی کارکردنی پێکەوەیی نێوان ناوەندی قەیرانەکان، دەزگای خێرخوازی بارزانی و مانگی سووری عێراقی کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە مرۆییەکان، هەروەها هەماهەنگییان لەگەڵ بەرگری شارستانی و دەزگاکانی دیکەی بە پێویست زانی.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لێژنەکانی قائیمقامیەت و چاودێری بازرگانی راسپێردران کە بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بازاڕ و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەرانبەر سەرپێچیکاران و بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆگاکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان.

لە کۆتاییدا جەخت لە پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان هەموو یەکە کارگێڕی و ئەمنییەکان کرایەوە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان.