بەریتانیا: بەشداریمان لە هێرشکردنە سەر ئێران نەکردووە و داوای راگرتنی شەڕ دەکەین
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاند، وڵاتەکەی بەشداری لە هێرش بۆ سەر ئێران نەکردووە، هاوکات داوای کرد رێگری لە هەر پەرەسەندنێکی زیاتر بکرێت و بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و رێگەی دیپلۆماسی.
باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە رایگەیاندووە، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاندووە: " بەریتانیا هیچ رۆڵێکی لەم هێرشانەدا نەبووە، هەروەها لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپی و سەرکردەکانی ناوچەکەش قسەم کردووە و داوای راگرتنی ئەو شەڕە دەکەین".
ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە ئێستادا پێویستە رێگری لە هەر پەرەسەندنێکی زیاتر بکرێت و بگەڕێینەوە سەر رێڕەوی دیپلۆماسی، ئێمە ئاشتی و ئاسایش و پاراستنی گیانی مەدەنییەکانمان دەوێت."
لەلایەکی دیکەوە، جۆن هیڵی وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، دوو مووشەک بنکەکانی بەریتانیایان لە قوبرس کردووەتە ئامانج، هیڵی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "دوو مووشەکەکە بەرەو قوبرس تەقێنراون، کە هەزاران سەربازی هێزەکانی بەریتانیای لێ نیشتەجێن."
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوێنێ شەممە ڕایگەیاندبوو، هێزەکان و فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیا لە هەوڵە بەرگرییە هەماهەنگەکاندا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات و هاوپەیمانەکانیان بەشدارن.
ستارمەر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە پلاتفۆرمی "X" بڵاویکردەوە، گوتی: "هێزەکانمان کار دەکەن و فڕۆکە بەریتانییەکان ئەمڕۆ لە ئاسماندان وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنە بەرگرییە هەماهەنگەکان لە ناوچەکە بۆ پاراستنی گەل و بەرژەوەندی و هاوپەیمانەکانمان، وەک چۆن پێشتریش بەریتانیا بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجامی داوە."
ستارمەر دیسانەوە جەختی کردەوە، بەریتانیا "بەشداری لە هێرشە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بۆ سەر ئێران نەکردووە"، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، "رژێمی ئێران بەڕاستی قێزەونە".
هەروەها سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا باسی لەوە کردووە، "پێویستە گرژییەکان کەم بکرێنەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێیەکی فراوانتری ناوچەیی"، گوتیشی: "ئێران دەتوانێت هەر ئێستا کۆتایی بەم ململانێیە بهێنێت."
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشیشدا، دوێنێ شەممە هەریەک لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا سەرکۆنەی "هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە"یان کرد و داوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیان کرد، هاوکات هانی سەرکردایەتی ئێرانیان دا کە هەوڵی گەیشتن بە چارەسەر لە رێگەی گفتوگۆوە بدەن.