سێنتکۆم: سێ ئەندامی هێزەکانمان کوژران و پێنجی دیکە بریندار بوون
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، سێ ئەندامی هێزەکانمان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکدا کوژران و پێنجی دیکە بریندار بوون.
یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"، سێ ئەندامی هێزەکانمان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکدا کوژران و پێنجی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
بە پێی راگەیەنراوەکە، ژمارەیەکی دیکە لە سەربازان تووشی برینی سووک بوون بەهۆی بەرکەوتنی پارچە تەقەمەنی، ئێستا لەژێر چارەسەردان و ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ سەر ئەرکەکانیان.
سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئۆپەراسیۆنە جەنگییە گەورەکان بەردەوامن و هەوڵەکانی وەڵامدانەوە درێژەیان هەیە.
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.