15 رۆژ مۆڵەت دراوەتە حکوومەتی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ

پەرلەمانی ئێران مۆڵەتێکی 15 رۆژەی بە حکوومەت داوە بۆ ئەوەی پرۆژەیاسایەک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کارگە و ناوەندە پیشەسازییانە ئامادە بکات لە کاتی جەنگدا زیانیان بەرکەوتووە.

عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پێویستە حکوومەت لە ماوەی 15 رۆژدا پرۆژەیاسای تایبەت بە نۆژەنکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان رادەستی پەرلەمان بکات، ئەگەرنا پەرلەمان خۆی پرۆژەیەک دەخاتە بەرنامەی کارەوە.

بەپێی راپۆرتەکانی پەرلەمانی ئێران، 3396 ناوەندی پیشەسازی و بەرهەمهێنان لە کاتی جەنگدا زیانیان بەرکەوتووە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، هاوکارییە داراییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو نەگەیشتوونەتە دەستی یەکە پیشەسازییەکان و خاوەن کارگەکان. 

هەروەها پەرلەمانتاران داوا دەکەن، حکوومەت بەخێرایی بودجەی دیاریکراو بۆ بووژاندنەوەی کەرتی بەرهەمهێنان تەرخان بکات، بۆ ئەوەی رێگری لە داڕمانی زیاتری ئابووری بکرێت و هەلی کار بۆ هاووڵاتییان بپارێزرێت.

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەکان و ئەو جەنگەی رووی لە ناوچەکە کردووە، کەرتی پیشەسازی و ئابووریی ئێران زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، بەهۆی هێرش و پێکدادانەکانەوە 3396 کارگە و ناوەندی بەرهەمهێنان زیانیان پێگەیشتووە. 

هەرچەندە پێشتر حکوومەتی ئێران بڕیارێکی دەرکردبوو بۆ تەرخانکردنی بودجەیەکی گەورە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی پیشەسازی، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و کێشەی دابینکردنی بودجەوە، ئەو پارەیە نەگەیشتووەتە دەستی خاوەن کارگەکان. ئەمەش وای کردووە پەرلەمانی ئێران کۆبوونەوەیەکی تایبەت رێکبخات و فشاری توند بخاتە سەر حکوومەت بۆ ئەوەی بەپەلە یاسایەک دەربکات و قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە، تاوەکو رێگری لە دابەزینی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنان و لەدەستدانی دەیان هەزار هەلی کار بگیرێت.