شاندێکی بەغدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کارتی زانیاری سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی پلانی بەدیجیتاڵکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان، هەوڵەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کارتی زانیاری و گواستنەوەی سەرجەم داتاکان بۆ کارتی نیشتمانی چڕکردووەتەوە. بڕیارە شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ دەستپێکردنی رێکارەکان و یەکخستنی سیستمی بەڵگەنامەکان.
عەقید ئەردەڵان، لە بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی بەغدا بۆ تاوتوێکردنی رێکارەکان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەردەڵان روونیکردەوە، پێشتر ئامادەکاریی پێویست کراوە و دوو هۆڵی تایبەت بۆ دەستبەکاربوونی ئەو شاندە دابین کراون، بەڵام تا ئێستا رێکارەکان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەردەڵان هەنگاوەکەی بە ئەرێنی ناوبرد و جەختیکردەوە، بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، کێشەی کەمی کارتی زانیاری لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت.
هاوکات لەسەر ئاستی عێراق، دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان سەبارەت بە چاپکردنی زیاتر لە 53 ملیۆن کارتی نیشتمانی لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق 46 ملیۆن کەسە، لیوا نەشئەت خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتیی زانیاریی شارستانی و پاسپۆرت و نشینگە روونکردنەوەی دا.
خەفاجی رایگەیاند، ژمارەی کارتە چاپکراوەکان گەیشتووەتە 53 ملیۆن و 500 هەزار کارت، هۆکاری جیاوازییەکەش لەگەڵ ژمارەی دانیشتوواندا بۆ ئەو گۆڕانکارییانە دەگەڕێتەوە کە لە پرۆسەی دەرکردنی کارتی نوێدا روویانداوە. خەفاجی روونیکردەوە، لەو ژمارەیە، بەشێکیان بۆ کارتی ونبوو یان تێکچوو دەرکراون، هەروەها نوێکردنەوەی کارتە بەسەرچووەکان و تۆمارکردنی ناوی ئەو هاووڵاتییانەی کۆچی دواییان کردووە و هێشتا لە سیستمی داتاکاندا سڕ نەکراون، هۆکاری سەرەکین.
بەڕێوەبەری گشتیی زانیاریی شارستانی روونیکردەوە، کۆی گشتیی ئەو هاووڵاتییانەی لە سیستمی زانیاریی شارستانیدا تۆمار کراون گەیشتووەتە 49 ملیۆن کەس. خەفاجی جەختیکردەوە، سەرجەم داتاکان بە شێوەی بایۆمەتری لە رێگەی پەنجەمۆر، وێنەی رووخسار و گلێنەی چاو بە وردی چەسپێندراون و لەگەڵ تۆمارە فەرمییەکاندا یەکیانگرتووە.