فەرەنسا کەشتی فڕۆکەهەڵگری "شارل دیگۆل" رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات

حکوومەتی فەرەنسا بڕیاریدا بە ناردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری (شارل دیگۆل) بە شێوەیەکی دەستبەجێ بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردەوە، حکوومەتی فەرەنسا فەرمانی کردووە بە جوڵاندنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری (شارل دیگۆل) بە شێوەیەکی دەستبەجێ بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەمەش لە کاتێکدایە کە جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە دوێنێ شەممەوە دەستیپێکردووە.

هاوکات لە هێرشەکاندا سەرکردە باڵاکانی ئێران، لەوانە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا و عەلی شەمخانی، راوێژکاری و فەرماندە سەربازییە باڵاکانی وەک وەزیری بەرگری و فەرماندەی سوپای پاسداران، لە رێگەی سەدان هێرشی مووشەکی و درۆنی خۆکوژییەوە کرانە ئامانج.

لە بەراربەردا، ئێران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و بنکەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان بۆردومان کرد، هاوکات دەستی کردووە بە نیشانەگرتنی تاوەر و فڕۆکەخانەکان لە هەندێک وڵاتی کەنداو وەک ئیمارات و کوەیت.