وردەکاریی بۆردومانکردنی بنکەیەکی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند: کە خاڵێکی سەربازیی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی عەکاشاتی پارێزگای ئەنبار رووبەڕووی بۆردومانێکی ئاسمانی بووەتەوە و قوربانی لێ کەوتووەتەوە.

یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد، کاتژمێر 9ـی ئەمشەو، خاڵێکی سەر بە لیوای 45ـی حەشدی شەعبی لە ناوچەی عەکاشاتی پارێزگای ئەنبار، رووبەڕووی دوو هێرشی ئاسمانی بووەوە.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە بەهۆی ئەم بە ئامانجگرتنەوە، ژمارەیەک قوربانی لێ کەوتووەتەوە.

ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا، لە ژێر رۆشنایی پەرەسەندنە خێراکانی ناوچەکەدا، بەردەوام گرژی و ئاڵۆزی ئەمنی بەخۆیانەوە دەبینن.

ئەم بە ئامانجگرتنەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.