ئیسرائیل سەرکردەیەکی باڵای حزبوڵڵای کوشت

سەرۆکی لوبنان هاتە دەنگ

لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان، بارودۆخی ناوچەکە چووە قۆناخێکی مەترسیدارەوە. بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، سەرکردەیەکی باڵای حزبوڵڵا کراوەتە ئامانج و کوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنیش روویان لە زیادبوون کردووە.

سەرچاوە هەواڵییەکان رایانگەیاند؛ محەممەد رەعد، سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانتارانی حزبوڵڵا لە لوبنان، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیلدا کوژرا. ئەم رووداوە وەک گورزێکی بەهێز بۆ سەر حزبوڵڵا هەژمار دەکرێت.

هاوکات لەگەڵ هێرشەکان، راپۆرتە پزیشکی و خۆجێییەکانی لوبنان ئاشکرایان کردووە، بەهۆی بۆردومانەکانی باشووری وڵاتەوە، 31 کەس کوژراون. کە 7 کەس لە قوربانییەکان ئەندامی یەک خێزانن و لە ماڵەکەی خۆیاندا کراونەتە ئامانج، 149 کەسی دیکەش برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکانی بۆ دانیشتووانی گوند و شارۆچکەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان دووپات کردووەتەوە و داوای لێکردوون دەستبەجێ ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی و فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.

لە بەرامبەر ئەم ئاڵۆزییانەدا، جۆزێف عەون، فەرماندەی سوپای لوبنان و سەرۆکی وڵات هەڵوێستێکی توندی نیشاندا و رایگەیاند: "رێگە نادەین خاکەکەمان بۆ ئەو شەڕانە بەکاربهێنرێت کە خەمی گەلی لوبنان نین."

عەون جەختی کردەوە، تەقاندنی موشەک لە خاکی لوبنانەوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، هەموو ئەو هەوڵە دیپلۆماسی و دەوڵەتییانە تێکدەدات کە مەبەستیان پاراستنی لوبنانە لەو مەترسییەی ناوچەکە دەگەیەنێتە لێواری جەنگێکی گشتگیر. فەرماندەی سوپا هۆشداری دا، بەردەوام بەکارهێنانی لوبنان بۆ ململانێ دەرەکییەکان وڵات دەخاتەبەردەم مەترسی نوێ و جەختی کردەوە: "دەوڵەت و خەڵکی لوبنان دووبارەبوونی ئەزموونە تاڵەکانی جەنگی رابردوو قبوڵ ناکەن."