ئێران هۆشداریی دەداتە نەتەوە یەکگرتووەکان

لاریجانی: دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ناکەین

(وێنە؛ ئەرشیف عەلی لاریجانی)
(وێنە؛ ئەرشیف عەلی لاریجانی)

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و رایدەگەیەنێت؛ کردەی تیرۆرکردنی رێبەری باڵای ئێران "پێشێلکردنی ئاشکرای نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکانە" و لێکەوتەی زۆر قورسی دەبێت.

لە نامەکەیدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، عەباس عێراقچی جەختی کردووەتەوە. بە ئامانجگرتنی بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بێ وەڵام نامێنێتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەم هێرشە لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت و لایەنی ئەنجامدەر بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم کارە و دەرەنجامەکانی لە ئەستۆ دەگرن."

لەلایەکی دیکەوە، عەلی لاریجانی، بەرپرسی باڵای ئێرانی، لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر ئەمریکا و رایگەیاند: "دانوستان لەگەڵ واشنتن ئەنجام نادەین." لاریجانی ئاماژەی بەوەش کرد، گەلی ئێران تەنیا بۆ بەرگریکردن لە خۆی هەڵسوکەوت دەکات و هێزە چەکدارەکانیان دەستپێشخەری هیچ هێرشێک نەبوون، بەڵکو ئەوە لایەنی بەرامبەرە، ناوچەکەی بەرەو ناسەقامگیری بردووە.

لاریجانی هێرشی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و رایگەیاند، ترەمپ دروشمی "ئەمریکا یەکەم"ی گۆڕیوە بۆ "ئیسرائیل یەکەم". بە گوتەی لاریجانی، ترەمپ سەربازە ئەمریکییەکانی کردووەتە قوربانی هەژموونی ئیسرائیل و بەهۆی "خواستەکانی ئیسرائیل"ەوە ناوچەکەی بەرەو ئاژاوەگێڕی کێشاوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بە قووڵی نیگەرانە لە زیانەکان نێو هێزەکانی لە ناوچەکەدا، ئەوەش دەرەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵانەیە کە پەیڕەویان کردووە.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئیسرائیل و ئەمریکا بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر خاکی ئێران و چەندین شاری ئەم وڵاتەیان بۆردومان کرد. تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی ماددی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام میدیاکانی ئێران و ئیسرائیل  کوژرانی چەند بەرپرسێکی باڵای ئێرانی پشتراست کردەوە.