ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو: مافی یاسایی خۆمانە وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئێران بدەینەوە

کۆمەڵەی وڵاتانی هاوکاریی کەنداو (GCC) رایگەیاند؛ ئاسایشی وڵاتانی ئەندام دابەشنەکراوە و هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتێکیان بە هێرش بۆ سەر تەواوی ئەنجوومەنەکە هەژمار دەکرێت، جەختیشیان لە مافی یاسایی خۆیان کردەوە بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکانی ئێران.

لەکۆتایی کۆبوونەوەی وەزاری وڵاتانی ئەندام کە دوێنێ یەکشەممە بەڕێوەچوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی (GCC) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "وڵاتانی ئەندام هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم هێرشانەدا. ئێمە مافی یاسایی خۆمانە بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی پێویست بە مەبەستی پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیری خاک و هاووڵاتیانمان."

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ بەگوێرەی میساقی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو و رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتێکی ئەندام وەک هێرشێکی راستەوخۆ بۆ سەر هەمووان دەبینرێت. ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بە مادەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە مافی بەرگری تاکەکەسی و دەستەجەمعی لە کاتی دەستدرێژیکردندا بۆ وڵاتان گەرەنتی کردووە.

ئەنجوومەنەکە بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئێرانی کرد کە وڵاتانی کەنداو و شانشینی هاشمیی ئوردنیان کردە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی رەهای بنەماکانی دراوسێیەتی باش و یاسا نێودەوڵەتییەکانن. بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی و ناوچەکانی نیشتەجێبوون، تاوانێکی مرۆییە و زیانی ماددی گەورەی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی توندوتیژی دژی هاووڵاتیانی بێتاوان."

ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو جەختی کردەوە؛ سەقامگیری ناوچەکە تەنیا پرسێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پایەیەکی سەرەکییە بۆ ئابووریی جیهانی. داوای وەستاندنی دەستبەجێی هێرشەکانی کرد بۆ پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان و دڵنیابوون لە سەقامگیری بازاڕەکانی وزە و زنجیرەی دابینکردنی جیهانی.

سەرەڕای جەختکردنەوە لە مافی بەرگریی، ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەدا، هەمیشە بژاردەی وتووێژ و دیپلۆماسییان لەگەڵ ئێران پێ باشترە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لەو چوارچێوەیەشدا ستایشی رۆڵی سەڵتەنەتی عەمانیان کرد.

هاوکات، داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرا بەرپرسیارێتی خۆی هەڵگرێت و هەڵوێستی یەکلاکەرەوە وەربگرێت بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکاریانەی کە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی دەخەنە مەترسییەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئەنجوومەنەکە دەستخۆشی لە کارایی و ئامادەیی هێزە چەکدارەکان و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتانی ئەندام کرد، کە توانیویانە بە پیشەییبوونێکی بەرزەوە بەرپەرچی هێرشە مووشەکی و درۆنەکان بدەنەوە و مەترسییەکان کەم بکەنەوە.

کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی عەبدوللەتیف بن رەشید ئال زەیانی (بەحرەین) و بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی (ئیمارات، سعوودیە، عوممان، قەتەر، کوێت) و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنەکە بەڕێوەچوو.