سێ زلهێزی ئەوروپا هەڕەشەی لەناوبردنی توانا مووشەکییەکانی ئێران دەکەن
هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ئامادەیی خۆیان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی بەرگریی رێژەیی راگەیاند، بە ئامانجی لەناوبردنی سەرچاوەی توانای مووشەکی و درۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران.
هەرسێ وڵاتی ئەوروپی ئاماژەیان بەوە کردووە، هەنگاوی کردەیی دەنێن بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانیان و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا، ئەمەش لە رێگەی رێگری کردن لە تاران بۆ هەڵدانی مووشەک و درۆن. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بە شێوەیەکی بێجیاوازی هاوپەیمانە نزیکەکانمان، هێزە چەکدارەکانمان و هاووڵاتیانی مەدەنی لە سەرانسەری ناوچەکە کردۆتە ئامانج."
ئەم بەیاننامەیە دوای ئەوە دێت، تاران لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، چەندین هێرشی توندی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و ئیسرائیل ئەنجامدا، بەگوێرەی سەرچاوە فریاگوزارییەکان، تەنیا لە ئیسرائیل 9 کەس کوژراون. هاوکات، واشنتن کوژرانی سێ سەربازی خۆی راگەیاند.
لەلایەکی دیکەوە، کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داواکارییەکی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا. ستارمەر گوتی: "ئێمە مۆڵەتمان داوە بنکەکانمان بۆ مەبەستی بەرگریی تایبەت و سنووردار بەکاربهێنرێن، تاوەکو رێگری بکەین لە ئێران لە هەڵدانی مووشەک بۆ ناوچەکە و تێکشکاندنی کۆگا و شوێنی هەڵدانی مووشەکەکانیان."
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، بەرلین، پاریس و لەندەن جەختیان کردەوە، لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەگەڵ واشنتن و هاوپەیمانە ناوچەییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و جێبەجێکردنی ئەو رێوشوێنە بەرگرییانەی کە پێویستن بۆ سەقامگیری ناوچەکە.