وەزارەتی بەرگریی کوەیت: ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی کەوتنە خوارەوە

وەزارەتی بەرگریی کوەیت رایگەیاند، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی کەوتنە خوارەوە و سەرجەم فڕۆکەوانەکان رزگاریان بووە. 

سعوود عەتوان، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی بەرگریی کوەیت لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی ئاداری 2026، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی کەوتوونەتە خوارەوە، جەختیشی لە سەلامەتی و رزگاربوونی سەرجەم تیمی فڕۆکەوانەکان کردەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت روونیشی کردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان بە رێکارەکانی گەڕان و رزگارکردن کردووە و تیمەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی پشکنین و پێشکەشکردنی چاودێریی پزیشکیی پێویست، ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا دۆخی تەندروستییان جێگیرە.

گوتەبێژە فەرمییەکە ئەوەشی خستە روو، هەماهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا کراوە سەبارەت بە وردەکارییەکانی رووداوەکە و رێکارە تەکنیکییە هاوبەشەکانیش گیراونەتەبەر.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەدواداچوونی لێکۆڵینەوەکاندان بۆ زانینی هۆکارەکانی رووداوەکە، داواشی کرد، زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگیرێن.