ئەفیخای ئەدەرعی: بەرپرسی هەواڵگری حزبوڵڵامان کوشت

سوپای ئیسرائیل کوژرانی بەرپرسی دەزگای هەواڵگری حزبوڵڵای لە بەیرووت راگەیاند. هاوکات حکوومەتی لوبنان هەموو چالاکییە سەربازی و ئەمنییەکانی حزبوڵڵای قەدەخە کرد و داوای لێکردن دەستبەجێ چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن.

ئەفیخای ئەدەرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دوپاتیکردەوە، لە هێرشێکدا کە شەوی شەوی رابردوو لە بەیرووت ئەنجامدرا، (حوسێن مقەلید)یان کوشتووە، کە وەک بەرپرسی دەزگای هەواڵگری رێکخراوی حزبوڵڵا کاری دەکرد.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رۆژی دووشەممە "قەدەخەکردنی دەستبەجێی" هەموو چالاکییە سەربازی و ئەمنییەکانی حزبوڵڵای راگەیاند و حزبەکەی "ناچار کرد" چەکەکانی رادەستی دەوڵەت بکات.

بڕیارەکەی لوبنان دژی حزبوڵڵا، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە ئەو حزبە بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، وەک تۆڵەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کە رۆژی شەممە لە هێرشێکی ئەمریکی - ئیسرائیلیدا کوژرا.

دواتر ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی توندی کردە سەر بەیرووت و دەیان گوندی باشووری لوبنان، کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 31 کەس و برینداربوونی 149 کەسی دیکە.

دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان، نەواف سەلام رایگەیاند: "دەوڵەتی لوبنان بە هەموو شێوەیەک ئەنجامدانی هەر کارێکی سەربازی یان ئەمنی لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت رەت دەکاتەوە." گوتیشی، حزبوڵڵا لە یاسا دەرچووە و دەبێت دەستبەجێ چەکەکانی رادەست بکات.

سەرۆکوەزیرانی لوبنان فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان و سوپا کردووە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە هێرشێکی مووشەکی یان درۆنی لە خاکی لوبنانەوە.

پێشتر لە ئابی رابردوو، حکوومەتی لوبنان بڕیاری دابوو بە شێوەیەکی پلەبەندی حزبوڵڵا بێچەک بکات، ئەوەش دوای ئاگربەستی تشرینی دووەمی 2024، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام بوو لە هێرشەکانی بەو پاساوەی حزبەکە خەریکی پڕکردنەوەی جبەخانە چەکەکانیەتی.

نەواف سەلام داوای لە ئەمریکا و فەرەنسا کرد، وەک لایەنی گەرەنتی ئاگربەستەکە، پابەندبوونی ئیسرائیل بۆ راگرتنی هێرشەکانی بەدەستبهێنن و رایگەیاند، حکوومەتەکەی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا.