وەزیری تەندروستی: پێویست ناکات هاووڵاتیان بڕی زیاتر لە پێویست دەرمان بکڕن بۆ هەڵگرتن

وەزیری تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە، ، پێویست ناکات هاووڵاتیان بڕی زیاتر لە پێویست دەرمان بکڕن بۆ هەڵگرتن، تەنیا ژەمەکانی بڕیاردراو بەو بڕەی لەلایەن پزیشکی چارەسەر دیاریکراوە  بەسە بۆ دابینکردن و هیچ دەرمان و پێداویستی پزیشکی گران نەبووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئامادەکاری کراوە بۆ هەر پێشهاتێک و ئەگەرێکی نەخوازراو، هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە، لە کەرتی گشتیی و تایبەت، بڕێکی باشی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە کۆمپانیاکان و کۆگاکان هەیە پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات.

وەزیری تەندروستی گوتیشی، پێویست ناکات هاووڵاتیان بڕی زیاتر لە پێویست دەرمان بکڕن بۆ هەڵگرتن، تەنیا ژەمەکانی بڕیاردراو بەو بڕەی لەلایەن پزیشکی چارەسەر دیاریکراوە  بەسە بۆ دابینکردن و هیچ دەرمان و پێداویستی پزیشکی گران نەبووە، پێویستە هاووڵاتیان لەکاتی کڕینی دەرمان و پێداویستی، پارەی زیاتر لەو نرخە نەدەن کە لەسەر ستیکەری حکومەت دیاریکراوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، هەوڵ و رێکاری زیاتر دەگیرێتە بەر بۆ دابینکردنی زیاتری دەرمان و پێداویستی پزیشکی پێویست بۆ نەخۆشخانەکان و فریاکەوتنەکان و هۆڵەکانی نەشتەرگەری و چاودێری چڕ وەک بەشێک لە پلانی فریاگوزاری ئامادەکراو.

باس لەوەش کراوە، لەرێگەی پلانێکی فریاگوزاری خێرا، رەچاوی پێداویستی و جۆر و قەبارەی هەر رووداوێک بۆ ئامادەکارییەکانی بواری تەندروستی کراوە و پلان و ئامادەکاری تیمەکانی پزیشکی گەڕۆک، تیمەکانی پزیشکی فریاکەوتن و تیمەکانی فریاگوزاری خێرا و ئەمبوڵانس کراوە لە هەر شوێنێکی روداوو و پێشگەیشتن بە نەخۆشخانە. 

وەزیری تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتیی تەندروستی راسپێردراون بۆ ئامادەباشی پێشوازی فریاکەوتنەکان و ئێشکگری پزیشکان و کارمەندان و بەردەستبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشکی پێویست و لەکاتی پێویستی فریاکەوتن، هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە 122ی ئەمبوڵانس بکەن.