ستیڤ ویتکۆف: ترەمپ بە مافی خۆی دەزانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەیان رابگرێت
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، وردەکاریی نوێی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، تاران خاوەنی 460 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە و لەرێگەی هەڕەشەوە دەیەوێت سازش لە ئەمریکا وەربگرێت، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ترەمپ رێگە نادات ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بەتەواوی رادەگرێت.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، وردەکاریی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی ئێران لەو گفتوگۆیانەدا ئیدیعای ئەوەیان کردووە کە "مافێکی وەرنەگیراوەیان" هەیە بۆ پیتاندنی تەواوی ئەو چەکە ئەتۆمییەی لەبەردەستیاندایە.
بە گوتەی ویتکۆف، لایەنی ئەمریکی لە وەڵامدا جەختیان کردووەتەوە کە ترەمپیش "مافێکی وەرنەگیراوەی" هەیە بۆ راگرتنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ناوبراو دەشڵێت، دانوستانکارانی ئێران وایان دەزانی دەتوانن لە رێگەی هەڕەشە و فشارەوە ئیمتیازات بەدەست بهێنن، ئەو شێوازەشی بە "گەمژانە" وەسف کرد.
ویتکۆف گوتیشی، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دوا خولی دانوستانەکاندا ئامادە بووە بۆ گەیشتن بە "رێککەوتنێکی دادپەروەرانە"، بەڵام وای دەبینێت کە ئێستا روون بووەتەوە گەیشتن بە رێککەوتنێکی لەو شێوەیە مەحاڵە.
نێردە تایبەتەکەی ترەمپ گوتیشی، دانوستانکارانی ئێران لە یەکەم دیداردا رایانگەیاندووە کە 460 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراویان بە رێژەی 60% هەیە، کە ئەمەش بە گوتەی ئەو بەسە بۆ "دروستکردنی 11 بۆمبی ئەتۆمی"؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێرانییەکان شانازییان بەوەوە کردووە کە پرۆتۆکۆڵەکانی چاودێرییان تێپەڕاندووە بۆ گەیشتن بەو ئاستە.