روانگەی سووری: نزیکەی 11 هەزار پەنابەر لە لوبنانەوە هاتوونەتە سووریا

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی لوبنانەوە، هەزاران پەنابەر روویان لە سووریا کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، نزیکەی 11 هەزار پەنابەر کە زۆربەیان خەڵکی سووریان لەرێگەی دەروازەی سنووری جەدیدە یابوس و جوسیە لە لوبنانەوە هاتوونەتە سووریا. 

روانگەی سووری ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و تێکچوونی دۆخی ئەمنی لوبنان، وایکردووە زۆرێک لە خێزانە سوورییەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان لە وڵاتەکە.

هەروەها چاودێران دەڵێن: هاتنی بەکۆمەڵی پەنابەران گوزارشت لەوە دەکات ئەم پەنابەرانە پێویستییان بە سەقامگیرییە، سەرەڕای قەیرانە ئابوورییەکان و خزمەتگوزارییە گشتیەکان لە لوبنان.

دوێنێ دووشەممە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، دەروازەی سنووریی مەسنە لە نێوان لوبنان و سووریا قەرەباڵغییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بەهۆی ترسی شەڕ بووە لە لوبنان و تێکچوونی دۆخەکەبووە.

دەروازەی مەسنە دەروازەیەکی سەرەکی وشکانی نێوان هەردوو وڵاتە، کە لەکاتی قەیران و گرژییە ئەمنییەکاندا بەهۆی رێکارە توندەکانی پشکنین، فشارێکی زۆر دەکەێتە سەر دەروازەکە.

ماوەی چەند رۆژێکە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەر بەیرووت و حزبوڵڵای لوبنانی دەستپێکردووەتەوە و چەند سەرکردەیەکی ئەم رێکخراوەی کوشتووە.