ترەمپ بۆ ئێرانییەکان: کاتی دانوستاندن بەسەرچوو

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران سیستەمی بەرگریی و هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی  وسەرکردەکانی لە دەستداوە، هەروەها کاتی دانوستاندن لەگەڵیان بەسەرچوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس رایگەیاند: ئێرانییەکان داوای دانوستان دەکەن، بەڵام کات بەسەرچوو و ئێران سیستەمی بەرگریی و هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی  وسەرکردەکانی لە دەستداوە.

هەروەها گوتی: ئێرانییەکان دوای ئەوەی هەموو شتێکیان لە دەستدا داوای دانوستاندن دەکەن.

هاوکات هەر ئەمڕۆ ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (The Sun)ی بەریتانی گوتی، "زۆر جێگەی داخە دەبینین پەیوەندییەکانمان وەک جارانیان نەماوە. ئەمریکا بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ پێویستییەکی بە بەریتانیا نییە." روونیشی کردەوە، "بێگومان ئەمە هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، بەڵام دەبوو ستارمەر هاوکارمان بێت... دەبوو ئەو کارە بکات."

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، هەرگیز پێی وا نەبووە ئەم پەیوەندییە تایبەتەی نێوانیان، پێشتر بە "بەهێزترین پەیوەندیی مێژوویی" وەسف دەکرا، بەم شێوەیە بکەوێتە مەترسییەوە. 

لە بەرانبەردا ترەمپ ستایشی فەرەنسا و ئەڵمانیای کرد و گوتیشی، "پەیوەندیی ئێمە و بەریتانیا لە مێژوودا بەهێزترین بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا پەیوەندییەکی زۆر بەهێزمان هەیە."