دەستپاکی عێراق: دوو بەرپرسی دیوانی پارێزگای زیقار بە بەرتیل سزادراون

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی سزادانی بەرپرسێکی دیوانی پارێزگای زیقاری بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل راگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، دادگای تاوانەکانی زیقار بە ئامادەبوونی تۆمەتباران دوو بڕیاری سزای دەرکرد. بڕیاری یەکەم سزادانی بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاریی پڕۆژەکان بوو لە دیوانی پارێزگا بە هەشت ساڵ زیندان، بڕیاری دووەمیش سزادانی فەرمانبەرێکی هەمان بەش بوو بە حەوت ساڵ زیندان، هاوکات هەردوولایان پابەند کران بە پێدانی غەرامەی دارایی بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

دەستەکە روونیکردەوە، دادگا دوای پێداچوونەوە بە بەڵگە و سەلمێنەرەکانی دۆسیەکە، گەیشتە بڕوای تەواو لەسەر تاوانباریی تۆمەتباران و بەپێی ماددە یاساییەکان بڕیاری سزاکانی دەرکرد.

بڕیاری سزاکان بەگوێرەی حوکمەکانی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983 و بە دلالەتی ماددەکانی 47، 48 و 49ـی یاسای سزادان دەرچوون. هەروەها دادگا بڕیاریدا لە ئەگەری نەدانی غەرامەکە، سزای سێ ساڵ زیندانی دیکە بۆ هەر یەکێکیان زیاد بکرێت و دوای سزای سەرەکی جێبەجێ بکرێت.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، دەستەکە لە 22ـی تشرینی یەکەمی رابردوو رایگەیاند، بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاری لە دیوانی پارێزگای زیقار و فەرمانبەرێکی هەمان بەشیان لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل لە یەکێک لە بەڵێندەرەکان دەستگیرکرد، ئەوەش لە بەرامبەر تەواوکردنی رێکارەکانی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ئەو بەڵێندەرە.