بەقایی: بە پابەندبوونی ئەمریکا گەرووی هورمز دەکرێتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە جێبەجێکردنی پابەندییەکان و پاراستنی مافەکانی خۆیدا جیددییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران لە پابەندبوون بە بەڵێنەکانی خۆیدا سەقامگیرە و ئەگەر لایەنی بەرامبەریش مەرجە پەیوەندیدارەکان رەچاو بکات، لە کەمترین کاتدا پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی، پابەندبوونی هاوکات بە بەڵێنەکان و مەرجەکان، نیشاندەری جددیبوونی تارانە لە پاراستنی مافەکانی خۆیدا. هاوکات ئەگەر ئەمریکا پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، لە کەمترین کاتدا ئاسایش بۆ گەرووی هورمز و ناوچەکە دەگەڕێتەوە.
بەقایی جەختیکردەوە، ئێران بە ئاگادارییەکی تەواوەوە لە داواکاری و مافەکانی گەل، لەم رێگەیەدا پاشەکشە ناکات و ئاڵۆزییەکانی بابەتەکەش لەبەرچاو دەگرێت. روونیشیکردەوە ئەو مەرجانەی خراونەتەڕوو، داواکاریی نائاسایی یان پێشمەرجی نوێ نین، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاون لە مافەکانی گەلی ئێران، لەوانەش هەڵگرتنی سزا نایاساییەکان و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی کە لە تێگەیشتنی 18ـی حوزەیران لە ئیسلامئاباددا لەلایەن لایەنی ئەمریکییەوە پەسەند کراوە.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی قەوقاز، بەقایی رایگەیاند، ئەم بابەتە تەنیا لە چوارچێوەی وەزارەتی دەرەوەدا نییە، بەڵکو پرسێکی حاکمییەتییە، سەرجەم بەشە پەیوەندیدارەکانیش بە وردی چاودێریی دەکەن و لە ئەگەری پێویستدا رێکاری گونجاو دەگرنەبەر.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتیشی، هەڵوێستی بنەڕەتیی تاران لە پشتیوانیکردن لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و کردنەوەی رێڕەوەکانی هاتوچۆ لە قەوقازی باشووردا نەگۆڕاوە. هەروەها ئێران و ئەرمینیا گرنگیی پەیوەندییە دێرینەکانیان دەزانن، کە ریشەی لە هەزاران ساڵ مامەڵە و پێکەوەژیانی هەردوو گەلدا هەیە.
سەبارەت بە دۆخی لوبنانیش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد، کێشەی سەرەکیی لوبنان پرسێکی فرەلایەن نییە، بەڵکو تەنیا داگیرکاریی ئیرسائیل، پەلامار و هێرشە رۆژانەکانی ئەو رژێمە و پێشێلکردنی بەردەوامی ئاسایش و سەروەریی لوبنانە.