بەڵێندەرانی کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد
بەڵێندەرانی کەرکووک بۆ داواکردنی شایستە داراییەکانیان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست و جەختیان لەوە کردەوە، بەهۆی خەرجنەکردنی بودجەی پڕۆژەکانیان، کارەکانیان پەکی کەوتووە. بە گوتەی بەڵێندەران، حکوومەتی عێراق بڕی 200 ملیار دیناریان قەرزارە و لە پێدانی ئەو پارەیەدا کەمتەرخەمی دەنوێنێت.
نەوزاد ئەنوەر محەمەد، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتی بەڵێندەرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمە یەکەم جارە گردبوونەوەیەکی لەم شێوەیە لە کەرکووک رێکدەخەن. ئەو ئاشکرایکرد، زۆربەی کۆمپانیاکانی پارێزگاکە تووشی مایەپووچی بوون، چونکە شایستە داراییەکانیان لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ وەک پێویست بۆیان خەرج نەکراوە.
سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی لقی کەرکووک رەخنەی توندی لە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی خۆجێیی گرت و گوتی: نە پڕۆژە کۆنەکان و نە پڕۆژە نوێیەکان بەو شێوەیەی پێویستە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان نەکەوتوونەتە کار و زیانمەندی سەرەکیش لەم دۆخەدا بەڵێندەرانن.
سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کەرکووک سەبارەت بە کۆمپانیای پی پی ئەی پەیامێکی ئاراستە کرد و رایگەیاند: کەرکووک لەو پڕۆژەیە بێ بەش و بێ پشکە و هیوادارین پەیامەکەمان بە لایەنی پەیوەندیدار بگات.
لەبارەی پلانەکانی ساڵی 2027 بۆ خەرجکردنی شایستەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێ، نەوزاد روونیکردەوە چارەنووسی ئەو بابەتە دەکەوێتە سەر بودجەی حکوومەتی فیدراڵ. بە گوتەی ئەو، ئەگەر حکوومەت بیەوێت پڕۆژەکانی کەرکووک بەتەواوی جێبەجێ بکات، پێویستی بە زیاتر لە 700 ملیار دینار هەیە، لە کاتێکدا ئێستا زیاتر لە 190 ملیار دیناریان وەک سولفە لە پارێزگای کەرکووک ماوەتەوە.
ئێستا پڕۆژەکانی کەرکووک بەهۆی نەبوونی بودجە سەرجەمیان راگیراون. بۆیە ئەگەر بۆ ساڵی 2027-یش بودجەیەکی دیاریکراو تەرخان بکرێت، هێشتا بەشی قەرزی بەڵێندەران ناکات و بەو هۆیەوە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لەو شارە بۆ چەند ساڵی داهاتووش لە گێژاوێکی مەترسیداردایە.