نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە لایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە پێ گەیشت.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە پەیوەندییەکەدا، دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوچەکە تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگی و کارکردنی هاوبەش بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

پەیوەندییەکانی تورکیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا، تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوو.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.