هونەرمەندێکی کورد بەشداری چەند کۆنسێرتێکی جیهانی دەکات

خەبات عەباس، خانمە موزیکژەنی کورد، بە ئامێری چەلۆ، لەگەڵ چەند موزیکژەنێکی بەتوانای جیهانی بەشداری چەند کۆنسێرتێک لە وڵاتەکانی بەریتانیا و دانیماڕک و ئەڵمانیا دەکات.

سێشەممە، 3ی ئاداری 2026، خەبات عەباس، خانمە موزیکژەن، دەربارەی ئەنجامدانی کۆنسێرتەکانی بە کوردستان24ی گوت، "من سۆڵۆیەکم هەیە، کە یەکێکە لەو ئالەتانەی کە تایبەت بەخۆمە و بڕیارە لەو چەند کۆنسێرتە پێشکەشی بکەم، هەروەها من دەمەوێت بە ئازادی لەنێوان رێگای هونەری دیاریکراو و ئەگەری نوێدا بجوڵێم، کارەکانم لەو کۆنسێرتەدا لە کۆمەڵێک رێباز و شێوازی وەک دەنگی شۆر پێکدێت، کە گێڕانەوەی چیرۆکە  وەکو رێگایەکی سەربەخۆ وەرگیراون،  بۆیە بەدوای دەنگە نەبیستراوەکان و شوێنە نەدۆزراوەکاندا دەگەڕێم."

خەبات عەباس گوتیشی، "من زۆرجار بە چەلۆی گۆڕاو و کاری ئامێرەسازییەکان ناسراوم، کە تێیدا تەکنیکە فراوانکراوەکان بەکار دەهێنم، هەر بۆیە لەم رێگەیەوە دەستم بە درووستکردنی پارچەیەک موزیک  کردووە کە وەڵام دەدەنەوە بەو شتانەی کە لە کاتی خۆیدا هەبوون یان بیرەوەرییەکانی منداڵی منن."

ئەو خانمە میویکژەنە باس لە گرنگی کارە هونەرییەکانی خۆی دەکات و دەڵێت، "لە کارە هونەرییەکانیم دا، پرسیار دەکەم لەسەر ئەم شتانەی کە لە سنوورەکانی دەرەوەن و ئەگەری ئەو دەنگانە دەخەمەڕوو کە ناتوانرێن کۆنترۆڵ بکرێن بە پێچەوانەی بەها و رێسای مۆسیقای کۆن."

شایەنی باسە، ئەو کۆنسێرتانەی کە خەبات عەباس، خانمە موزیکژەن، تێیدا بەشداری دەکات وەکو، کۆنسێرتی لەندەن لە 4ی ئادار و کۆنسێرتی دانیماڕک 13ی ئادار و کۆنسێرتی بەرلین 19ی ئادار بەڕێوەدەچێت.

خەبات عەباس، خانمە موزیکژەن، خەڵکی شاری سلێمانییە و دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە، ژەنیاری ئامێری چەلۆیە، لە چەندین فێستیڤاڵ و کۆنسێرتەکانی دەرەوەی وڵات بەشداری کردووە و خەڵاتی تایبەتی وەرگرتووە.