سوپای ئیسرائیل: تاوەکوو ئێستا 300 سەکۆی مووشەکیی ئێرانمان لەکارخستووە
سوپای ئیسرائیل ئاماری نوێی هێرشە هاوبەشەکەی لەگەڵ ئەمەریکا بۆ سەر ئێران بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، لە ڕێگەی 1600 فڕینی جەنگییەوە توانیویانە سەدان سەکۆی مووشەکی و کۆگای چەک لە کاربخەن.
سێشەممە 3ی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" بەرانبەر ئێران خستووەتەڕوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ، لە دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکەیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێکەوتی 28ی شوباتەوە بۆ سەر ئێران، نزیکەی 300 سەکۆی هەڵدانی مووشەکیان لەنێو خاکی ئێران لەکارخستووە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە کە ئۆپەراسیۆنەکە ناوی نەڕەی شێری لێنراوە و تێیدا هێزی ئاسمانی توانیویەتی ئەو سەکۆیانە لە کاربخەن، ئەوەش دوای ئەنجامدانی زیاتر لە هەزار و 600 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەوڵەکانمان بە شێوەیەکی بەرنامەیی و 24 کاتژمێری بووە بۆ بەئامانجگرتنی سەکۆ و کۆگاکانی مووشەک، بە مەبەستی کەمکردنەوەی توانای مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل.