گرۆسی: تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە ئێران بۆمبی ئەتۆمی دروست کردبێت

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە ئێران بۆمبی ئەتۆمی دروست کردبێت، بەبێ هەماهەنگی ئەوان ناتوانین دڵنیاببینەوە، بەرنامەی ئەتۆمی ئەوان بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە

سێشەممە 3ـی ئاداری 2026، رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) هەڵوێستی ئاژانسەکەی سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران ڕاگەیاند.

گرۆسی نووسیویەتی: لە راپۆرتەکانمدا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران زۆر راشکاو و نەگۆڕ بووم، هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە ئێران بۆمبی ئەتۆمی دروست کردبێت، بەڵام هەبوونی کۆگایەکی گەورەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی نزیک لە چەکی ئەتۆمی و رەتکردنەوەی پێدانی دەسەڵاتی تەواو بە پشکنەرەکانم، جێگەی نیگەرانییەکی جددین.

بەڕێوەبەری ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی ئەو هۆکارانەوە، لە راپۆرتەکانی پێشووشیدا روونی کردووەتەوە کە تا ئەو کاتەی ئێران هاوکاری ئاژانسەکە دەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی چاودێری، ئاژانسەکە لە پێگەیەکدا نابێت دڵنیایی بدات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە.