سوپای ئیسرائیل: 600 پێگەی سەربازی ئێرانمان پێکاوە
سوپای ئیسرائیل ئامارە فەرمییەکانی ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێری بڵاو کردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە ئەنجامدانی گەورەترین فڕینی جەنگیی هاوکات لە مێژووی سەربازییدا دەکات بە بەشداری 200 فڕۆکە، هاوکات رایگەیاندووە کە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا 47 فەرماندەی باڵای و 600 پێگەی سەربازی و زیاتر لە 150 مووشەکی بالیستی لەناو براون.
سوپای ئیسرائیل داتای فەرمیی دەربارەی ئۆپەراسیۆنی "Roaring Lion" بڵاو کردەوە کە لە ماوەی نێوان 28ی شوبات تاوەکوو دوێنێ سێشەممە 3ی ئازاری 2026 ئەنجامدا.
بەپێی داتاکی سوپای ئیسرائیل، هێزی ئاسمانییەکەیان گەورەترین هێرشی ئاسمانی هاوکاتی لە مێژوودا ئەنجام داوە کە تێیدا 200 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان کردووە. لە ماوەی 24 کاتژمێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، 700 فڕۆکەی جەنگی فڕیون و ئاسمانی تارانی کۆنترۆڵ کرد.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، 47 فەرماندە و بەرپرسی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران کوژراون. هەروەها راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە 600 پێگەی سەربازی لەکارخراون، کە لە نێویاندا زیاتر لە 150 سەکۆی هاویشتنی مووشەکی بالیستی و 200 سیستەمی بەرگریی ئاسمانی هەن، هەروەها ئامارەکان نیشانی دەدەن کە 60 هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر ناوەندە مووشەکییەکانی رۆژئاوای ئێران.
هاوکات، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە توانیویانە رێگری لە زیاتر لە 50 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بکەن کە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کرابوون و پێش گەیشتنیان بە ئامانج تێکشکێنراون.