سوپای سووریا هێزەکانی لەسەر سنووری عێراق و لوبنان جێگیر دەکات
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا رایگەیاند، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە و رێگریکردن لە هەر پەرەسەندنێکی ئەمنیی، جێگیربوونی هێزەکانیان بەدرێژایی سنوورەکانی وڵاتەکە لەگەڵ عێراق و لوبنان بەهێزتر کردووە.
لە راگەیەندراوێکی فەرماندەییەکەدا هاتووە: "یەکەکانی سوپا جێگیربوونی خۆیان لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی نێوان سووریا لەگەڵ هەریەکە لە عێراق و لوبنان چڕکردووەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان لە نێوەندی پەرەسەندنی ململانێ و گرژییەکانی ناوچەکەدا."
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هێزانەی لە ناوچە سنوورییەکان جێگیرکراون، پێکهاتوون لە کەتیبەکانی پاسەوانی سنوور و یەکەکانی هەواڵگری، ئەرکی سەرەکییان چاودێریکردنی چالاکییە سنوورییەکان، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و ڕێگریکردنە لە هەر جووڵەیەکی نایاسایی.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە دیمەشق راگەیاندووە، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، سوپای سووریا فەرمانی مەیدانی توندی دەرکردووە. ئامانج لەم فەرمانانە پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە خاکی سووریاوە، جا چ لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بێت یان گرووپەکانی سەر بە تاران، بەمەبەستی دوورخستنەوەی وڵاتەکە لە هەر پەرەسەندنێکی سەربازیی نەخوازراو.