عێراقچی و ئەعرەجی جەختیان لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان کردەوە

 قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە پەیوەندییەکانی تەلەفۆنیدا سەرخۆشی لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کرد و هەردوولا جەختیان لە پتەوکردنی ئاسایشی سنوورەکانی نێوان وڵاتەکانیان کردەوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران بەرە بەیانی ئەمڕۆ، بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو قاسم ئەعرەجی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عێراقچی کردووە و وێڕای گەیاندنی سەرەخۆشی بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی و پۆلێک لە فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان و خەڵکی مەدەنی، بەهۆی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کرد.

لەلای خۆیەوە عەباس عێراقچی وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ هەڵوێستی عێراق، تیشکی خستە سەر تاوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە گەلی ئێران و جەختی لە پێویستی وەستانەوە بە رووی ئەو دەستدرێژییانەدا کردەوە.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکە تەرخانکرا بۆ پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات. هەردوولا جەختیان لەسەر بەهێزکردنی هاوکارییەکان و هەماهەنگی بەردەوام کردەوە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان و رێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک کە سەقامگیری ناوچەکە تێکبدات.