لە بەغدا هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەی ڤیکتۆریای ئەمریکا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا، رووبەڕووی هێرشێکی درۆن بۆیەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاند؛ بنکەی ڤیکتۆریا کە تایبەتە بە پشتیوانی لۆجستیکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، لە رێگەی چەند درۆنێک کراوەتە ئامانج.
بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان دوکەڵێکی رەش لە نێو بنکە سەربازییەکەوە بە ئاسماندا بەرز بووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی، زیان بەر بنکە لۆجستییەکە کەوتووە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و زیانی ماددی لە نێو بنکەکەدا.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (C-RAM)ی جێگیرکراو لە بنکەی ڤیکتۆریا چالاک کراوە بۆ رێگریگرتن لە درۆنەکان، هەروەها دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەواوی فڕۆکەخانە و دەوروبەری بیستراوە.
گرووپی چەکداری "سەرایای ئەولیا دەم" بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند؛ هێرشەکە بە کۆمەڵێک درۆن ئەنجامدراوە. بەگوێرەی راگەیەندراوی گرووپەکە، ئەم هێرشە لە وەڵامی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و وەک پشتیوانییەک بۆ بەرەی مقاوەمە ئەنجامدراوە.
تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمریکی و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە فەرمی قەبارەی زیانە گیانییەکانیان رانەگەیاندووە. هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش لە دەوروبەری فڕۆکەخانە کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و گەڕان بەدوای شوێنی هەڵدانی درۆنەکان لە ناوچەکانی دەوروبەری بەغدا دەستیپێکردووە.