سوپای ئیسرائیل ئاماری هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بڵاودەکاتەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، لە نوێترین راگەیەندراویدا سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان و بەرەوپێشچوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، سوپای ئیسرائیل ئامارێکی وردی لەبارەی زیانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوە فەرمییەکەی سوپای ئیسرائیل، هێزە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئەو وڵاتە لە هەڵمەتێکدا توانیویانە نزیکەی 300 مووشەکهاوێژی ئێرانی لەناو ببەن، کە وەک هەڕەشەیەکی سەرەکی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل ئەژمار دەکران.
هەر لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 200 هێرشی ئاسمانیی ستراتیژییان بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران و بنکە سەربازییەکانیان ئەنجامداوە. ئامانج لەم هێرشانە پەکخستنی توانای بەرگریی و هێرشبەریی سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە.
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا هاتووە؛ هێزەکانی ئیسرائیل بە وردی دوو هەزار شوێنی سەربازیی و ستراتیژییان کردووەتە ئامانج، کە بریتین لە کۆگاکانی چەک، ناوەندەکانی فەرماندەیی، و بنکە لۆجیستییەکان.
ناوچەکە لەبەردەم مەترسیی فراوانتربوونی شەڕدایە و ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی تا ئەو کاتەی هەڕەشە مووشەکییەکانی ئێران بە تەواوی کۆتاییان دێت. لە بەرامبەردا، لایەنی ئێرانی هێشتا بە فەرمی وردەکاریی هەموو ئەو زیانانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.