ئیسرائیل کار بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی دەکات

میری رێگیڤ، وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، کار بۆ ئەوە دەکەن لە ئەمشەوەوە هەنگاو بە هەنگاو ئاسمانی وڵاتەکەیان بە رووی گەشتەکاندا بکەنەوە، ئەوەش لەدوای ئەوە دێت کە لە 28ـی مانگی رابردووەوە ئاسمانی ئەم وڵاتە داخراوە.

وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل راشیگەیاندووە، دوای هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی ئەمنی، بڕیاربوو هەفتەی داهاتوو ئاسمانی ئیسرائیل بکەنەوە، بەڵام بڕیارەکەیان پێشخستووە و لە ئەمشەوەوە کار بۆ کردنەوەی دەکەن، بەڵام بەشێوەیەکی رێژەیی و سەرەتا تاقیکردنەوە دەکەن، پێش ئەوەی بەتەواوی بیکەنەوە.

دەشڵێت؛ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان لەژێر چاودێری توندی ئەمنیدا دەبێت، ئەگەر ناچاربن لەماوەی 24 کاتژمێردا تەنیا رێگە بەیەک فڕۆکەی مەدەنی دەدەن بە سەرنشینەوە جوڵە بکات.