قەتەر دوو شانەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی دەستگیرکرد
دەزگای ئاسایشی دەوڵەتی قەتەر ئاشکرای کرد، پیلانێکی تێکدەرانەیان پووچەڵ کردووەتەوە و 10 کەسیان دەستگیر کردووە کە رێنماییان لە سوپای پاسدارانەوە وەرگرتووە.
دەزگای ئاسایشی دەوڵەتی قەتەر، ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، راگەیەندراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە دوو شانەی چالاک لە ناوخۆی وڵاتدا دەستگیر بکەن، بە نوێنەرایەتی و لەژێر فەرمانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کاریان کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی قەتەر (QNA)، ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای چاودێرییەکی وردی ئەمنیی هاتووە و بووەتە هۆی دەستگیرکردنی 10 تۆمەتبار کە دابەشبوون بەسەر دوو گرووپی جیاوازدا، گرووپی یەکەم حەوت لە دەستگیرکراوەکان ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری و سیخوڕیکردنیان پێسپێردرابوو لەسەر دامەزراوە سەربازییەکان و بنکە ستراتیژی و گرنگەکانی وڵات. گرووپی دووەم سێ تۆمەتبارەکەی دیکە راهێنانی تایبەتیان پێکرابوو بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانە و بەکارهێنانی درۆن بۆ لێدانی ئامانجەکان.
دەزگای ئاسایشی قەتەر ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی پشکنینی حەشارگەی تۆمەتبارەکاندا، دەست بەسەر چەندین ئامێری پەیوەندیکردنی پێشکەوتوو، کەرەستەی تەکنیکی و نەخشە و کۆئۆردینیاتی وردی دامەزراوە هەستیارەکانی دەوڵەتدا گیراوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ تۆمەتبارەکان لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانیان بەوەدا ناوە پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران هەبووە و رێنمایی و بودجەی پێویستیان بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سیخوڕی و تێکدەرانەکان لێ وەرگرتوون.
تا ئێستا لایەنی فەرمی ئێران هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم راگەیەندراوەی دەوڵەتی قەتەر نەداوە. دەسەڵاتدارانی قەتەر جەختیان کردەوە، رێکاری یاسایی توند بەرامبەر دەستگیرکراوەکان دەگیرێتەبەر و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی هێڵی سوورە.