رۆیتەرز: سوپای ئەمریکا کەشتییەکی جەنگیی ئێرانی لە نزیک کەناراوەکانی سریلانکا کردە ئامانج

ئاژانسی رۆیتەرز، بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا کەشتییەکی جەنگیی ئێرانی لە نزیک کەناراوەکانی سریلانکا کردووەتە ئامانج.

چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە گواستوویەتییەوە: "سوپای ئەمریکا کەشتییەکی جەنگیی سەر بە هێزی دەریایی ئێرانی لە نزیک کەناراوەکانی سریلانکا کردووەتە ئامانج."

تاوەکو ئێستا وردەکاری زیاتر دەربارەی جۆری هێرشەکە یان قەبارەی زیانەکان بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها لایەنی ئێرانیش هیچ لێدوانێکی فەرمی لەو بارەیەوە نەداوە.

لەمبارەیەوە سەرچاوەکانی هێزی دەریایی و وەزارەتی بەرگریی سریلانکا، رایانگەیاند، کەسێک گیانی لەدەستداوە و 78ی دیکە بریندار بوون، هەروەها 101 کەسیش بێسەروشوێنن دوای ئەوەی ژێردەریاییەک هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی ئێرانی لە کەناراوەکانی سریلانکا. 

گوتەبێژی هێزی دەریایی سریلانکا رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە بێسەروشوێنبوونی 101 کەس دەکەن ناڕاستن، گوتیشی." 32 کەس لە رووداوەکەدا بریندار بوون و لەلایەن هێزی دەریایی سریلانکاوە رزگارکراون و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.

ڤیجیتا هێرات، وەزیری دەرەوەی سریلانکا لە میانی پێشکەشکردنی راپۆرتێکدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی، رایگەیاند، هێزی دەریایی وەڵامی بانگی فریاکەوتنی کەشتییەکەی داوەتەوە و کاتژمێر شەشی بەیانی دەستی بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن کردووە.

هێرات لە پەرلەمان وردەکاری زیاتری نەخستە روو، بەڵام گوتویەتی،" سوپا لانیکەم 30 کەسی ناو کەشتییەکەی رزگار کردووە.

میدیا ناوخۆییەکانی سریلانکا بڵاویانکردەوە، کەشتییەکە لە نزیک کەناراوەکانی شاری "گالی" لە باشووری سریلانکا بانگی فریاکەوتنی کردووە، و بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی ناو ئەو شارە گوازراونەتەوە.