لاریجانی: زیاتر لە 500 سەربازی ئەمریکی کوژراون
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەمەریکا گەلەکەی کردووەتە قوربانیی ئیسرائیل و ئاشکرای دەکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 500 سەربازی ئەمەریکی کوژراون، هاوکات بە فەرمی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی عەلی خامنەیی دەکات.
چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی "ڕەفتارە گاڵتەجاڕییەکانی بنیامین ناتانیاهۆ"وە، گەلی ئەمریکای پەلکێشی جەنگێکی "ناجوامێرانە و ناڕەوا" کردووە لە دژی ئێران.
لاریجانی لە پەیامەکەیدا ئامارێکی خستووەتەڕوو و دەڵێت: پێویستە ترەمپ ئەمڕۆ لێپرسینەوە لە خۆی بکات؛ دوای ئەوەی لەم چەند ڕۆژە کەمەدا زیاتر لە 500 سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا کوژراون، ئایا هێشتا دروشمەکە (ئەمەریکا لە پێش هەمووانە - America First)، یان گۆڕاوە بۆ (ئیسرائیل لە پێش هەمووانە)؟"
لاریجانی لە بەشی پەیامەکەیدا هۆشدار دەدات کە جەنگەکە بەردەوامە و دەنووسێت: چیرۆکەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، شەهیدبوونی ئیمام خامنەیی باجێکی زۆر قورسی بۆ ئێوە دەبێت.