وەزارەتی تەندروستیی لوبنان: بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 500 کەس بوونەتە قوربانی

لەگەڵ بەردەوامیی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی لوبنان ئاماری نوێی قوربانییان و ئاوارەکانی بڵاو کردەوە، هاوکات سوپای ئەو وڵاتە هەڵمەتێکی بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەک دەستپێکردووە دوای بڕیاری قەدەغەکردنی چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا.

چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکوو ئێستا، ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ 72 کوژراو و 437 بریندار بەرزبوونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی لوبنان ئاشکرای کرد کە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ماڵەکانیان جێهێشتووە و لە پەناگە فەرمییەکان ناویان تۆمار کردووە، گەیشتووەتە 83 هەزار و 847 کەس.

لای خۆیەوە نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان ڕایگەیاند، حکوومەت هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوە و نیشتەجێکردنی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە ناوچەکانی باشووری لوبنانەوە ئاوارە بوون.

لە ڕووی ئەمنییەوە و وەک جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵڵا، سوپای لوبنان لە ئۆپەراسیۆنێکدا 27 کەسی دەستگیر کردووە کە چەکیان پێ بووە و پێچەوانەی بڕیارەکان جووڵاونەتەوە.