قەتەر بۆ ئێران: ناوچەی نیشتەجێبوون و ژێرخانمان کراوەتە ئامانج

سەرۆکوەزیرانی قەتەر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران نیگەرانی وڵاتەکەی لە بەرانبەر هێرشەکان بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان بن ئەلسانی ، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێگەیشت.

ئاماژە بەوە کراوە، لەو پەیوەندییەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە داوە، هێرشە موشەکییەکانی وڵاتەکەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج و مەبەستیان دەوڵەتی قەتەر نەبووە.

لای خۆیەوە، سەرۆکوەزیرانی قەتەر بە توندی ئەمەی ڕەتکردووەتەوە و جەختی کردەوە کە ڕاستییەکانی سەر زەوی بە ڕوونی پێچەوانەی قسەکان دەسەلمێنن، ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجەکان ناوچەی مەدەنی و نیشتەجێبوون بوون، لەوانە چواردەوری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەمەد، ژێرخانی هەستیار و ناوچە پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی شل (LNG).

شێخ محەمەد رایگەیاندووە، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری دەوڵەتی قەتەر و پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتییە و هێرشەکان تەنیا موشەک نەبوون، بەڵکو لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشەوە (درۆن) بەردەوامن و چەندین فڕۆکە ئاسمانی قەتەریان بەزاندووە، کە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی قەتەرەوە بە توندی بەرپەرچ دراونەتەوە.

سەرۆک وەزیرانی قەتەر ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی ئێران گرت، رایگەیاند: ئەم کردەوانە تەنیا گوزارشت لە هەوڵێکە بۆ زیان گەیاندن بە دراوسێکان و ڕاکێشانیان بۆ ناو جەنگێک کە جەنگی ئەوان نییە.

لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، قەتەر داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی کرد بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە کە خۆیان لەو جەنگە بەدوور گرتووە. شێخ محەمەد جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هەمیشە لەگەڵ دیالۆگ و دیپلۆماسی بووە، بەڵام هەرگیز لە بەرامبەر دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی نیشتمانی بێدەنگ نابێت و بەپێی ماددەی (51)ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی ڕەوای خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و ئەم هێرشانەش بێ وەڵام نامێننەوە.