ئەکسیۆس: ناتانیاهۆ بە گومانە ئەمەریکا لە پشتەوە رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکات
ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەپەلە پەیوەندی بە کۆشکی سپییەوە کردووە بۆ وەرگرتنی روونکردنەوە، دوای ئەوەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل گومانیان لا دروست بووە کە ئیدارەی ترەمپ بە نهێنی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکات بۆ ئاگربەست، بەڵام ئەمەریکا دڵنیایی داوەتە ئیسرائیل.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی ئەمریکا هەوڵی ئاگربەست بدات پێش ئەوەی ئیسرائیل هەموو ئامانجەکانی جەنگ بەدی بهێنێت. هەواڵگریی ئیسرائیل زانیاری دەستکەوتووە کە ئاماژە بووە بۆ بوونی جۆرێک لە پەیوەندی، بۆیە ناتانیاهۆ راستەوخۆ پرسیاری لە کۆشکی سپی کردووە: "ئایا لە پشت منەوە قسە لەگەڵ ئێران دەکەن؟"
بەرپرسانی کۆشکی سپی وەڵامیان داوەتەوە: "نەخێر، ئیدارەی ترەمپ لە پشتتەوە قسە لەگەڵ ئێرانییەکان ناکات."
بەپێی راپۆرتەکە، بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کردووە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، ئێران لە رێگەی وڵاتانی کەنداو و لایەنی سێیەمەوە پەیامی بۆ ئیدارەی ترەمپ ناردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام ئەمریکا وەڵامی نەداونەتەوە.
بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ئەکسیۆسی گوتووە: پەیامەکانی ئێرانمان بە هەند وەرنەگرت و بەبێ بایەخەوە مامەڵەمان لەگەڵ کردن."
هاوکات رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردەوە کە وەزارەتی هەواڵگیری ئێران هەوڵیداوە لە رێگەی دەزگای سیخوڕیی وڵاتێکی سێیەمەوە پەیوەندی بە CIAەوە بکات.
بەرپرسانی ئەمەریکا جەختیان کردووەتەوە کە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر راوێژکارانی ترەمپ رۆژانە پەیوەندییان لەگەڵ ناتانیاهۆ و دەیڤد بەرنیا سەرۆکی مۆساد هەیە و هەماهەنگییەکان زۆر بەهێزن.
رۆژی سێشەممە، 3ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیبووی: ئێرانییەکان داوای دانوستان دەکەن، بەڵام کات بەسەرچوو و ئێران سیستەمی بەرگریی و هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی و سەرکردەکانی لە دەستداوە.