ماکرۆن داوا لە ئیسرائیل و حزبوڵڵا دەکات هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر رابگرن
سەرۆککۆماری فەرەنسا، وردەکاریی زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی گرنگی لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل و لوبنان ئاشکرا کرد و بارودۆخی ئێستای لوبنانی بە زۆر جێگەی نیگەرانی وەسف کرد و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە دەستبەجێ بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی ئاگربەست و رێگری لە تەقینەوەی تەواوەتی دۆخی ناوچەکە بگرن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، بە جیا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان و نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان بە تەلەفۆن گفتوگۆی کردووە.
ماکرۆن لە پەیامەکەیدا جەختی لە پێویستیی راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل کردەوە و رایگەیاند کە ستراتیژیی پەرەپێدانی گرژییەکان لەلایەن ئەو گرووپەوە هەڵەیەکی گەورەیە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، ماکرۆن داوایەکی راستەوخۆی ئاراستەی بنیامین ناتانیاهۆ کردووە بۆ ئەوەی رێز لە یەکپارچەیی خاکی لوبنان بگرێت و هێزەکانی ئیسرائیل لە هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ناو خاکی لوبناندا بەدوور بگرێت. سەرۆکی فەرەنسا جەختی لە گرنگیی گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست کردەوە، وەک تەنیا رێگەچارە بۆ دوورکەوتنەوە لە وێرانکاریی زیاتر.
سەبارەت بە هەوڵەکانی وڵاتەکەشی، ماکرۆن لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی کە فەرەنسا لەگەڵ هاوبەشەکانی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سوپای لوبنان بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانی خۆیان لە پاراستنی سەروەری وڵاتەکەدا جێبەجێ بکەن و کۆتایی بەو هەڕەشانە بهێنن کە لەلایەن حزبوڵڵاوە دروست دەکرێن.
هەروەها رایگەیاند کە پاریس لە رووی مرۆییەوە هەنگاوی خێرا دەنێت بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکانی باشووری لوبنان و دووپاتی کردەوە هاوسۆزییان لەگەڵ گەلی لوبنان و پابەندبوونیان بە سەقامگیری ناوچەکە وەک کارێکی لە پێشینە دەمێنێتەوە.