ترەمپ: سەرکردایەتی ئێران بەرەو نەمان دەچێت
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرکردایەتی ئێران بە خێرایی بەرەو پاشەکشە دەچێت و هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدان بۆ لەناوبردنی توانستە مووشەکییەکانی تاران و رێگریکردن لە بوونی بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، لە لێدوانێکی نوێدا سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە خێرایی بەرەو پاشەکشە و نەمان دەچێت.
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر بەرەوپێشچوونە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەرانبەر ئێران و گوتی، مووشەکەکانیان و سەکۆی هاویشتنی مووشەکەکانیان بە خێرایی لەناو دەبرێن. پێیشی وایە، ئەمریکا ئێستا لە پێگەیەکی زۆر بەهێز و باڵادادایە سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران.
هەروەها ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەو هەنگاوە سەربازییانەی بەرانبەر ئێران دەگیرێنە بەر، رێگری دەکەن لەوەی ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. گوتیشی، ئێران بۆ چەندین ساڵە خەریکی کوشتنی خەڵکە لە هەموو جیهان، و ئەگەر ئێمە پێشتر دەستپێشخەریمان نەکردایە، ئەوا هێرشیان دەکردە سەر ئیسرائیل.
ترەمپ نمرەیەکی بەرزی بە کارەکانی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دا و رایگەیاند کە لە پێوەری 10دا، نمرەی 15 بە ئاستی بەرەوپێشچوونەکانیان دەدات لە بەرەکانی جەنگدا.